Thursday, July 14, 2011

رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوی میلیتاریزە کراوە

 
رۆژهەڵات تایمز - ناوەندی هەواڵ: لە کاتێک دا چاوەڕوان دەکرێ بە پێی نەریتی پێنج ساڵی رابردوو و لە سەر بانگەوازی حدک و حدکا ئەمساڵیش لە بیست و دووهەمین ساڵرۆژی تیرۆری دوکتور قاسملوو دا دووکان و بازاڕەکانی بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دابخرێن، کۆماری ئیسلامی ئێران هێزێکی زۆری خزاندۆتە ناو شارەکانی سەقز، بۆکان، مەهاباد، سەردەشت شنۆ، پیرانشار و چەند شارێکی دیکەوە. لە زۆربەی ئەو شارانە هێزە چەکدارەکان لە قوتابخانە و مەدرەسە و شوێنی گشتیی تر جێگیر کراون. لە بەرەبەیانیی ٢٢ی پووشپەڕەوە ئەو هێزانە بە ناو شارەکان دا بڵاو بوونەتەوە تا پێش بە بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی لەم رۆژە دا بگرن.

کۆماری ئیسلامی لە کاتێک دا ئەو هێزە زۆرەی خزاندۆتە رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە بیانووی چالاکیی چەکداریی پژاک، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان کۆماری ئیسلامی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئاراوە و کۆماری ئیسلامی حکومەتی هەرێمی تۆمەتبار کردووە کە ٣ هەزار هێکتار زەویی بۆ پژاک تەرخان کردووە. هێزێکی زۆر سپای پاسداران لە سەر سنوورەکان جێگیر کراون و تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام ناوچە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان تۆپباران دەکەن.

پێوەندی دار بە مانگرتنی ٢٢ی پووشپەڕ، هێندێک زانیاریی سەرەتایی باس لەوە دەکەن کە لە شارەکانی مەهاباد و شنۆ و چەند شارێکی تر مانگرتنەکە دەستی پێ کردووە.
رۆژهەڵات تایمز لە داهاتوو دا هەواڵ و زانیاریی زیاتر لەو بارەوە بڵاو دەکاتەوە
ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
 http://rojhelattimes.org/read.php?id=3429 : سرچاۆاه

No comments:

Post a Comment