Wednesday, October 5, 2011

سوپای ئێران دوو قه‌ڵای دیكه‌ی سه‌ربازی بنیاد ده‌نێت و په‌یامنێر وێنه‌ و ورده‌كارییه‌كانی بڵاو ده‌كاته‌وه

News and the Photos thanks to peyamner.com
 
 

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ستی ئاژانسی هه‌واڵی په‌یامنێر كه‌وتوون، تاوه‌كو ئێستا سوپای ئێران 12 قه‌ڵای سه‌ربازی له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان بنیادناوه‌و به‌رده‌وامیشه‌ له‌زیادكردنی قه‌ڵاكان.

وێرایی بنیادنانی چەندین قەڵای سەربازی لە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان لە لایه‌ن سوپای ئێرانەوە، کە ناو شوێنی سەرجەم قەڵاکان لە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر لە برابردوودا خراونەتە روو، لە ئێستاشدا سوپای ئێران دوو قەڵای دیكه‌ی سەربازی لە سنوری باڵەکایەتی و لە سەرووی گوندەکانی مژدەینان و ئێنەو وێزەی سەر بە شارۆچکەی چۆمان بنیاد ناوه‌ كه‌ رێگەی ئۆتۆمبێل و تەزووی کارەباشی بۆ راکێشان.
شوێنی قەڵاکان لە ناوچەیەکی ھەرە بەرزن و دەروانە تەواوی شارۆچکەی چۆمان و دەوروو بەری.
لە بەدوا داچونێکی ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێردا کە موختاری گوندەکانی وێزەو بندایزان ده‌ڵێن: قەڵاکان بەشێوەیەکی ئاشکراو بە مەودایەکی زۆر کەوتونەتە قوڵای خاکی ھەرێمی کوردستان، بە تایبەت ئەو دوو قەڵایەی کە لە ماوەی ئەو ھەفتەیەدا بە کۆتا ھاتوون، دەکەونە ھەردوو ناوچەکانی (قەرەد، بۆزی قەندیل).
له‌مباره‌وه‌ موختاری گوندی بندایزان مستەفا ئەحمەد بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر گوتی: ماوەی دوو ساڵە ئێران ھەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ دروستکردنی قەڵای سەربازی لە سەر سنورەکانەوە دەست پێکردوەو لە ماوەی ئەو دوو ساڵەشدا چەندین قەڵای لە ناوچە سنوریەکانی باڵەکایەتی دروستکردون، لە نوێترین کاریشیدا قەڵایەکی سەربازی لە ناوچەی (قەرەد) کە دەکەوێتە ناوچەیەکی ھەرە بەرزی گوندو ئاوایەکانی (مژدەینان، ئێنە، خۆشکان و بندایزان) و بەسەر تەواوی سنوری شارۆچکەی چۆمان دەروانێت.

زیاتر رونیکردەوە، لە ئێستادا لەو قەڵایە پاسدارێکی زۆری تیادا نیشتە جێکراوەو رێگای ئۆتۆمبێل و تەزووی کارەبای بۆ راکێشراوەو شوێنی قەڵاکەش پێشتر واری مەردارو کۆچەرانی ھەرێمی کوردستان بووەو بە قوڵایەکی زۆر کەوتۆتە خاکی ھەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە تەواو بوونی قەڵای دووەمی ئێران کە لە ناوچەی (بۆزی قەندیل) لە سنوری نێوان گوندی وێزەو بناری قەندیل بەر لە ھەفتەیەک کارەکانی تەواو کراوە، موختاری گوندی وێزە عەبدوڵا حەمەد بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: لە سنوری گوندی وێزەو بناری قەندیلدا چوار قەڵای سەربازی لە لایەن ئێران لە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان بنیاد نراون و لە ئێستاشدا قەڵایەکی دیكه‌ی سەربازی لە (بۆزی قەندیل) دروستکردوەو پاسدارێکی زۆری تیادا نیشتە جێکردوە كه‌ رێگه‌ی ئۆتۆمبێل و تەزووی کارەباشی بۆ راكێشاوه‌.
حەمەد زیاتر وتی: قەڵاکان بەگشتی و ئەو قەڵایەی ئەم دوایە بەتایبەتی بە رادەیەکی زۆر لە نێو خاکی ھەرێمی کوردستان بنیاد نراوەو کەوتۆتە ناوچەیەکی ھەرەبەرزو دەروانێتە تەواوی گوندو ئاوایەکانی دۆڵی سەکرایەتی و بناری قەندیل.
لە سنوری شارەدێی حاجی ئۆمەرانیش کە چوار قەڵا لە ساڵی رابردوو بنیاد نرابوون، قەڵاکان لە ئێستادا تەزوی کارەباو رێگای ئۆتۆمبێلیان بۆ راکێشرا.

موختاری شارەدێی حاجی ئۆمەران رەشید بۆڵی بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: لە ماوەی دووساڵی رابردوودا ئێران چەندین قەڵای سەربازی بە درێژایی سنوری شارەدێی حاجی ئۆمەرانەوە لە سەرووی ھەردوو گوندی ماوەتان و شیوەرەشدا بنیاد نان و چوار لەو قەڵایانە کەوتونەتە خاکی ھەرێمی کوردستان و لە ناوچە بەرزایەکانی (دۆل سێبەرە، گابەڵەک، بەردووناز، وار بڵندە) دروستکراوون.
سەرچاوەکە ناوی سەرجەم ئەو شوێنانەی بۆ ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر خستە روو کە لە ئێستادا قەڵای سەربازیان لێ دروستکراوەو پاسدارێکی زۆریشی تیادا نیشتە جێکراون و بە درێژایی چەندین کیلۆمەتریش رێگایان لە نێو خاکی ھەرێمی کوردستان بۆ چووەو قەڵاکانیش بە رووبەرێکی زۆر کەوتونەتە نێو خاکی ھەرێمی کوردستان.
ئەو سەرچاوەیە روونی دەکاتەوە کە قەڵاکان کەوتونەتە بەرزاییەکانی (پیرەلۆک، تەپکی ناو چالاوان، رەبایەی تاتی، بەرد قەلشت، گۆمێ، قەرەد، بۆزی قەندیل، دۆل سێبەرە، گابەڵەک، بەردووناز، وار بڵندە)
سەبارەت بە بەردەوام بوونی ئێران لە سەر دروستکردنی قەڵاکان و بنیاد نانی دووقەڵای دیكه‌و ئاگادرا بوونی لایەنی پەیوەندیدار، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان جەبار یاوەر بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: دروستکردنی قەڵای ئێران لە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان دەبێت لە رێگەی لێژنەیەکی پسپۆر کە نەخشەی عێراقی پێبێت بە پێی ئەو رێککەوتنەی کە لە نێوان ھەردوو وڵاتدا ھەیە، دەبێت بچێتە شوێنی قەڵاکان و بە ئامێری (GPS) سەیر بکرێن.  بزاندرێت ئەو قەڵایانە لە ناو خاکی ئێراندان یاخود ھەرێمی کوردستان، بەڵام تاکو ئێستا ھیچ لێژنەیەکی پسپۆر سەردانی ناوچەکەی نەکردوە ئاخۆ قەلاکان لەنێو خاکی ھەرێم دروستکراون یاخود نا، ئەگەر لە ریگەی لێژنەو بە نەخشە ئەوە سەلمیندرا ئەوکات قەڵاکان بە (تەجاوز) بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان دادەنرێن.
بۆ زیانیاری زیاتری خوێنەران ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر لە مانگی نۆی ساڵی رابردوو راپۆرتێکی دەربارەی حەوت قەڵا سەربازی ئێران لە نێو خاکی ھەرێمی کوردستان خستبوە روو لە ئێستاشدا چوار قەڵای تر دروستکراون.

No comments:

Post a Comment